نیشتمانسازی و ئیکۆلۆجیا: جەنگی بوون و ناسنامە و یاسای ژینگە
گەڕانەوەم بۆ دنیای یاسای ژینگە و مافی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێرەکەم، تەنیا وێستگەیەکی ئەکادیمی ڕووت نەبوو، بەڵکوو دەستپێکی گەشەکردنی پرسیارگەلێکی ستراتیجی و فەلسەفی بوو؛ پرسیار لەسەر هاوک
گەڕانەوەم بۆ دنیای یاسای ژینگە و مافی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێرەکەم، تەنیا وێستگەیەکی ئەکادیمی ڕووت نەبوو، بەڵکوو دەستپێکی گەشەکردنی پرسیارگەلێکی ستراتیجی و فەلسەفی بوو؛ پرسیار لەسەر هاوکێشە و ڕەهەندەکانی ژینگە و نیشتمان و ناسنامە و داهاتووی نەتەوە.
نیشتمان بەپێی پێوەرە یاساییەکان تەنیا سنوورێکی جوگرافی، یان پێکهاتەیەکی سیاسیی بێگیان نییە، بەڵکوو کیانێکی زیندووی مێژوویی و فەلسەفییە، کە لە ئاوێتەبوونی گیانی نەتەوە لەگەڵ خاکەکەیدا دروست دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، پڕۆسەی نیشتمانسازی تەنیا بونیادنانی دامەزراوە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو لە ئاستە قووڵەکەیدا بەهێزکردنی ڕاگری سێکوچکەی سەروەریی خاک و هاوسەنگیی ئیکۆلۆجی و ناسنامەی نەتەوەییە.
لە ڕوانگەی بیری نەتەوەییەوە، پەیوەندیی نێوان خاک و نەتەوە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی (بوونناسی)یە. خاک نەوەکوو هەر شوێنی ژیانە، بەڵکوو سەرچاوەی مانا و بیرەوەریی بەکۆمەڵ و ڕەسەنایەتیی کولتورییە. نەتەوە بەرهەمی دیالێکتیکی کارتێکردنی دوو لایەنەی مرۆڤ و ژینگەکەیەتی. شاخ و ڕووبار و دارستان و دەشتەکان تەنیا سەرچاوەیەکی سروشتی، یان دارایی نین، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و گیانی نەتەوە.
کاتێک ژینگەی نیشتمانێک تووشی وێرانکاری و دارستانبڕین، یان پیسبوون دەبێتەوە، ئازارەکە لە ئاستی ئیکۆلۆجیدا ناوەستێت، بەڵکوو بریندارکردنی ڕاستەوخۆی جەستە لە گیانی نەتەوە خۆیەتی. پاراستنی ژینگە لەم ڕوانگەیەوە، کردارێکی بەرگریی دەستبەجێ و ستراتیجییە لە ناسنامە و هەبوونی نەتەوە.
نەتەوە وەکوو زنجیرەیەکی بەستراوە لەنێوان نەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دەخولێتەوە. نیشتمانسازی وەڵامدانەوەی خێرای پێداویستییەکانی ئیمڕۆ نییە، بەڵکوو بەدیهێنانی بەڵێننامەیەکی ئەخلاقی و یاساییە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوو.
سوتاندن، یان پشتگوێخستنی ژینگە لەپێناو قازانجی کاتیی، خیانەتێکی بەکۆمەڵە لە بەردەوامیی نەتەوە. سەروەریی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت، کە نەتەوە بتوانێت ژینگەکەی بە پاکی و بەپیت وەکوو “سپاردەیەک” ڕادەستی نەوەکانی داهاتوو بکات. کۆمەڵگەیەک، کە ژینگەکەی وێران ببێت و توانای خۆژێنیی ئاوی و خۆراکی لەدەست بدات، کۆمەڵگەیەکی وابەستە و لاواز و بێ بڕیار دەبێت بەرانبەر هەڕەشە دەرەکییەکان.
نیشتمانسازی پێویستی بە هاووڵاتییەک هەیە، کە هەست بە بەرپرسیارێتیی کۆیی بکات. ژینگەپارێزی بەهێزترین ڕاهێنانی فەلسەفی و ڕەفتارییە بۆ پیادەکردنی نیشتمانپەروەریی هاوچەرخ. کاتێک تاکەکانی نەتەوە تێ دەگەن پاراستنی دارێک، یان ڕووبارێک بەشێکە لە پاراستنی سەروەری و کەرامەتی نەتەوەدا ئەوکاتە، وەرچەرخان لە هۆشیاریی نیشتمانیدا ڕوو دەدات.
پەیوەندیی نێوان نیشتمانسازی و پاراستنی ژینگە و پەیوەندیی خاوەن و کەلوپەل نییە، بەڵکوو پەیوەندیی جەستە و گیانە. هیچ نیشتمانسازییەکی مەزن بەبێ ژینگەیەکی تەندروست نایەتە دی.
سەرچاوە
چاپزەردەشت مەلا حەسەن (٢٠٢٦). «نیشتمانسازی و ئیکۆلۆجیا: جەنگی بوون و ناسنامە و یاسای ژینگە». سەکۆ, ٤ی ئەیلوول ٢٠٢٦. https://sekokurd.org/ckb/وتار/نیشتمانسازی-و-ئیکۆلۆجیا-جەنگی-بوون-و-ناسنامە-و-یاسای-ژینگە/
https://sekokurd.org/ckb/وتار/نیشتمانسازی-و-ئیکۆلۆجیا-جەنگی-بوون-و-ناسنامە-و-یاسای-ژینگە/ · https://sekokurd.org/a/9355